حه‌مه‌ره‌شید ههرهسد. حسێن محه‌مه‌د عه‌زیزی خۆشه‌ویست، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌و پێش، بیره‌وه‌رییه‌کی خۆی له‌سه‌ر داستانی لوتکه‌ی گۆڕه‌ز تۆمار کردبوو و، له هه‌ندێك له سایته‌کاندا بڵاوی کردبووه‌وه. هه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی و تامه‌زرۆ بوونم بۆ رووداوه‌که، بردمییه‌وه بۆ سی وپێنج ساڵ به‌ر له ئێستا. بۆیه منیش حه‌ز ئه‌که‌م مه‌ڵۆیه‌ك بخه‌مه سه‌ر شارای نووسینه‌که‌ی ئه‌و به‌رێزه و به‌هه‌ردوو لامان خه‌رمانی مێژووی کوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ین.
ئه‌و گوندی هاودیانه‌ی که باسی ئه‌کات، پێش ئه‌وه‌ی ببمه بێژه‌ر له ده‌نگی کوردستان، له‌وێ سێ چوار هه‌فته ماموستا بووم واته که په‌یوه‌ندیم به شۆڕشه‌وه کرد، ناردیانم بۆ ئه‌وێ ده‌ق سه‌ره‌تای مانگی مارتی 1974. هه‌ر دوای هه‌فته‌یه‌ك له ترسی ره‌بایاکانی گۆڕه‌ز گونده‌که چۆڵی کرد‌و ئێمه‌ش بێ ئیش و بێکار ماینه‌وه، هه‌ر له‌و کاته به‌تالێۆنێکی سه‌ربه‌خۆ به‌ناوی به‌تالیۆنی زۆزك بنکه و باره‌گایان له‌وێ خست، سه‌رۆکی به‌تالیۆنه‌که سه‌ید عاسی بوو، یاریده‌ده‌ره‌که‌شی شیخ عه‌بدول به‌رزنجی بوو، به هۆی ئه‌وه‌ی شیخ عه‌بدولم ئه‌ناسی وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و به‌تالیۆنه هه‌ڵسوکه‌وتم ئه‌کرد و ئه‌وه‌بوو وه‌ك له بیره‌وه‌رییه‌کانی( ئه‌و ساڵه‌ی بێژه‌ری ده‌نگی کوردستان بووم) باسم کردووه، ئه‌و گونده بوو به گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و هه‌موو رۆژێك به فرۆکه و تۆپی به‌عس دائه‌بێژراین، سه‌ید عاسی چه‌ند هێرشێکی برده سه‌ر ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی که د. حسێن باسی ئه‌کات، به‌ڵام گرتنی مه‌حاڵ بوو، چونکه به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی د. حسێنه‌وه که ده‌ڵێت: هه‌مووی چه‌ند رۆژێک بوو هه‌لیکۆپته‌ر هێزێکی تیا دابه‌زاندبوو داگیری کردبوو. نه‌خێر ئه‌و گۆره‌زه هه‌ر له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانه‌وه ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی لێبووه و رۆژ به رۆژ هه‌وڵی قایم کردنی درابوو، مانای ئه‌و کاته‌ی ئه‌مان هێرشه‌که‌یان بۆ کردووه چوارده ساڵ بووه ئه‌و سه‌ربازگه‌یه خۆی قایم کردووه.
ئه‌و کاته که‌مه‌ی له‌وێ پێشمه‌رگه بووم و پێش ئه‌وه‌ی بێمه ئیزگه‌ی ده‌نگی کوردستان، زانیم ئه‌و سه‌ربازگه‌یه بۆیه ناگیرێت، چونکه پێشمه‌رگه پێش هێرشه‌که هه‌رچی تۆپێکی پێوه ئه‌نا به خه‌سار ئه‌چوو، ئه‌وان له کاتی تۆپباراندا له‌ناو ره‌بایاکاندا نه‌ده‌مانه‌وه، به‌ڵکو ده‌چوونه ده‌ره‌وه‌ی ره‌بایاکان و له هه‌موو لایه‌که‌وه خه‌نده‌قی قووڵیان هه‌ڵکه‌ندبوو، تۆپ و چه‌کی قورس کاریگه‌ری ئه‌وتۆی نه‌بوو.
جا که تۆپباران ئه‌کرا و پێشمه‌رگه هێرشی ئه‌کرد ئه‌وان به وره‌یه‌کی به‌رزه‌وه به‌ره‌نگاری پێشمه‌رگه ئه‌بوونه‌وه، جگه له‌وه‌ش له هه‌ر چوار لایه‌وه که پێشمه‌رگه هێرشیان بکردایه ئه‌که‌وتنه پانتاییه‌وه و ، ئه‌وانیش له ناو سه‌نگه‌ری قایمدا به چه‌کی مۆدێرن و فیشه‌ك و قومبه‌له‌ی زۆره‌وه، وه‌ك دروێنه پێشمه‌رگه‌یان ئه‌دورییه‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی تا سه‌رئه‌که‌وتیت ئه‌ژنۆت ئه‌شکا، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌بوایه نزیکی سه‌عاتێك رووه و ئاسمان هه‌ڵکشایتایه. من ئه‌و کاته که زۆر سرکیش بووم به یه‌ك سه‌عات ئه‌گه‌شتمه لوتکه‌که‌ی به‌رامبه‌ری که پێشمه‌رگه‌ی به سه‌ره‌وه بوو.
به‌راستی زۆر فلیمی جه‌نگ و شه‌ڕ و نه‌به‌ردیم دیوه، به‌ڵام هیچ فلیمێکی هولیود و باوکی هولیودیش ناگاته قوله‌پێی، ئه‌و هێرشانه‌ی سه‌ید عاسی کردی، که ئه‌مه هێشتا نه‌هاتوومه‌ته سه‌ر گه‌وره‌یی نه‌مران نووری حه‌مه عه‌لی و حه‌مه‌مین گوڵچین و هاوبیرانی کاژیك.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌ید عاسی ناسیمی نه‌یهێشت له‌وێ بمێنمه‌وه، وتی ئێره جێی تۆ نیه و ئه‌مه‌م به درێژی له‌و نووسینه‌دا ئاماژه پێ کردووه. ئه‌وه‌بوو هاتمه‌وه چۆمان له ئێستگه‌ی ده‌نگی کوردستان وه‌ك نووسه‌ر و بێژه‌ر ده‌ستبه‌کار بووم، هه‌ر له‌و نووسینه‌دا(ئه‌و ساڵه‌ی بێژه‌ری ده‌نگی کوردستان بووم) باسی ئه‌وه‌م کرد که چۆن له ده‌ربه‌نی رایات پێشمه‌رگه‌یه‌ك به ناوی باباتاهیری شێخ غه‌ریب خۆی پێناساندم و وتی ئێمه به‌تالێونه‌که‌ی کاك نووری حه‌مه عه‌لین و به‌ره‌و گۆڕه‌ز ئه‌ڕۆین، منیش کلاشینکۆفه‌که‌ی خۆمم دایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تفه‌نگه‌که‌ی به که‌ڵکی هێرشبردن نه‌ده‌هات لێره‌دا دووباره‌ی ناکه‌مه‌وه. دوای ئه‌و به‌ڕێزه، تێکۆشه‌ری کورد نه‌مر حه‌مه‌مین گوڵچینم دی، ئه‌و کاته یه‌کێک بوو له سه‌رلقه‌کانی ئه‌و به‌تالیۆنه و، جگه له‌وه‌ی رۆڵه‌یه‌کی ئازا‌و هه‌ڵکه‌وتوو بوو، کاژیکێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوو، هه‌ر به په‌له په‌ل چاکوچۆنیمان کرد و وتم من شاره‌زای گۆڕه‌زم و ناوچه‌که‌م بۆ باسکرد، له دڵیشه‌وه ئه‌کوڵام ئه‌مزانی گرتنی گۆڕه‌ز له خانه‌ی مه‌حاڵه، دڵیشم نه‌ده‌هات زۆر وردی بکه‌مه‌وه و له وره‌ی به‌رزی داگرم. ده‌ستی خسته ناو ده‌ستمه‌وه و وتی به‌ڵینت پێ ئه‌ده‌م، یا ئه‌و گۆڕه‌زه له دوژمن پاك ئه‌که‌ینه‌وه یان نامبینیته‌وه. باوه‌شی پیاکردم و ئه‌ملاولای یه‌کمان ماچکرد و به جێی هێشتم منیش به دڵی پڕه‌وه هه‌ر سه‌یرم ئه‌کرد تا تێکه‌ڵاوی پێشمه‌رگه‌کانی بوو و رۆشتن.
هه‌ر دڵم لایان بوو ئه‌و دوو رۆژه نان و ئاو و خه‌وم لێ بوو بوو به ده‌رد، ئه‌م وت چۆن ئه‌م کوره ئازایانه‌ی سلێمانی ده‌ڤه‌ری خۆیان جێهێشتووه و، له‌و په‌ڕی کوردستانه‌وه دێن بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕه‌ز رزگار بکه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره پێشمه‌رگه‌ی خۆی نه‌بێت. ئاخر هه‌ر هه‌موو هێزی باڵه‌ك و هێزی بێتواته و هێزی سه‌فین و هێزه‌کانی بادینان له‌و ناوه و نزیکی ئه‌و ناوه بوون و شاره‌زای ده‌ڤه‌ره‌که‌ش بوون، که‌چی هانایان بۆ هێزی خه‌بات و هێزی ئه‌زمر و هێزی زمناکۆ ئه‌برد، به‌عسی خوێن‌ڕێژ له‌و ناوه ده‌رپه‌ڕێنن، که ئه‌و سێ هێزه‌ی کۆتایی، ناوچه‌ی چالاکیان سلێمانی بوو، چونکه شاره‌زابوونی ناوچه مه‌رجێکی سه‌ره‌کییه بۆ سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازی، هه‌رچه‌نده هه‌مووی هه‌ر کوردستانه به‌ڵام خۆ له‌وێش پێشمه‌رگه‌یه‌کی زۆر هه‌بوو، ده‌بوایه ئه‌وان به‌و کاره هه‌ستن، ئه‌وه بوو ئه‌و هه‌موو کوڕه ئازایانه‌ی سلێمانی له‌و ناوچه‌یه به‌ره‌و به‌هه‌شت که‌وتنه رێ.
ئه‌وه‌بوو وه‌ك د. حسێن له نووسینه‌که‌یدا ئاماژه‌ی پێدا بوو هه‌واڵ به ئێزگه‌که‌مان گه‌یشت، ئه‌و قاره‌مانانه‌ی سلێمانی مه‌حاڵیان ی‌خ دا‌و گۆڕه‌زی له گرتننه‌هاتویان له ره‌گ و ریشه‌وه له عه‌ره‌ب پاککرده‌وه و هه‌رچی چه‌ك و که‌لوپه‌لیان هه‌یه که‌وته ده‌ست پێشمه‌رگه‌کانی هێزی خه‌بات. ئه‌و گۆڕه‌زه‌ی چوارده ساڵ بوو دوژمن قایمکاریی تیا ئه‌کرد، به که‌متر له چوارده سه‌عات عه‌ره‌بی تیا گسك درا.
ئه‌وه‌ی به بیرم بێت ئه‌و کاته وتیان نه‌مر نووری حه‌مه‌عه‌لی، هاواری کردبوو هێرش بکه‌ن که‌سی وایان نه‌ماوه، ئه‌وه‌بوو که هێرشه‌که‌یان کردبوو، سه‌ربازه‌کانی دوژمن هه‌ر هه‌موو مابوون و چاوه‌ڕێی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کانیان کردبوو، بۆیه ئه‌و هه‌موو پێشمه‌رگه ئازایه به‌ره‌و به‌هه‌شت بوونه‌وه، ده‌سته‌و یه‌خه چووبوونه ناو سه‌نگه‌ره‌کانیانه‌وه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی کوردستان نه‌بێت مرۆڤ ئه‌گه‌ر له پۆڵاش درووست کرابێت ئه‌وه ناکات، ئه‌گه‌ر له پۆڵاش درووست کرابێت و بیروباوه‌ڕی له‌گه‌ڵ نه‌بێت ناتوانێت ئه‌و سه‌رکه‌وتنه به دی بهێنێت که هه‌ر به گێڕانه‌وه‌ی له ئه‌فسانه‌وه نزیك ئه‌بێته‌وه.
ده هه‌ر هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه، ئه‌و کاته یان کاژیك بوون، یان بۆیه له‌و سه‌رکرده کاژیکانه‌وه نزیك بووبوونه‌وه چونکه باوه‌ڕیان به‌و فه‌لسه‌فه و ره‌وته پیرۆزه هه‌بوو.
چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا، باسم له نه‌به‌ردییه‌کی تری به‌تالیۆنێکی تری هێزی خه‌بات کردبوو، که سه‌رکرده‌که‌ی مولازم محه‌مه‌د(حه‌مه‌ی حاجی ئه‌حمه‌د) ی هاوبیر و هاوپۆلم بوو، که ئه‌و نه‌مره‌ش له پێناوی بیروباوه‌ڕی پیرۆزی کاژیك دا بوو به چ پاڵه‌ونێکی مێژوویی کورد، ئه‌گه‌ر پێم کرا، دیسان له ئارشیفه‌که‌مه‌وه بڵاوی ئه‌که‌مه‌وه یان سه‌ر له نوێ ئه‌و نه‌مره به‌سه‌ر ئه‌که‌مه‌وه.
ئه‌وه‌بوو دوای دوو رۆژ بابا تایه‌ر هاته‌وه لام هه‌ستی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه گه‌وره‌یه و هه‌ستی به‌هه‌شتی بوونی ئه‌و هه‌موو قاره‌مانه له روویا ره‌نگی دابووه وه، پێشکات زانیبووم نه‌مر حه‌مه‌مین گوڵچین و نزیکه‌ی بیست پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان، چۆنه‌ته پێناوی کوردستانه‌وه و زیاد له چل قاره‌مانی ترێش بریندارن و له‌به‌ر ئه‌و نه‌مرانه، ئه‌و سه‌رکه‌وتنه له من بوو به ژان و زوخاوێکی تر، لێره‌ش له که‌نه‌دا پێش ئه‌وه‌ی کۆچی دوایی بکات نووری مام برایم زوو زوو باسی ئه‌و داستانه‌ی بۆ ده‌کردم، به‌ڵام ده‌یووت هه‌ر بۆ تۆی باس ئه‌که‌م چونکه هه‌ندێك که‌س به زیاده رۆیی ئه‌زانن.
خوێنه‌ری به‌رێز له رێی دوو نووسینمه‌وه ئه‌زانن نووری مام برایم کێیه. که د. حسێن ئاماژه‌ی به ناوه‌که‌ی داوه.
حه‌ز ئه‌که‌م بۆ خوێنه‌ری خۆشه‌ویستی ئاشنا بکه‌م، که گۆڕه‌ز ئه‌و لوتکه چیایه‌یه که‌وتۆته کۆتایی گه‌لی عه‌لی به‌گ که به‌ره‌و ره‌واندز دێیت، به‌ده‌سته چه‌په‌وه‌یه، هه‌رچه‌نده زۆر بڵنده به‌ڵام له چیای کۆڕه‌ك که له‌وبه‌ریه‌وه‌یه نزمتره و له کۆره‌که‌وه ئه‌که‌وته ژێر کۆنترۆڵی تۆپه‌کانیان و به تایبه‌تی ئه‌و تۆپانه‌ی له ئاسمان ئه‌ته‌قینه‌وه و ئاگر و ئاسنیان ئه‌باران.
به داخه‌وه ئه‌و هه‌موو هاوبیره نه‌مرانه‌ی کاژیك، له ده‌ڤه‌ری ره‌واندز بۆ کورد و کوردستان ئه‌جه‌نگان و به‌ره‌و به‌هشت ئه‌رۆشتن و، سه‌رکه‌وتن و سه‌روه‌رییان بۆ مێژوو تۆمار ئه‌کرد، که‌چی چه‌په‌کانی ناو پارتی، کاژیکیان وه‌ك به‌ردی سه‌ر دڵیان سه‌یر ئه‌کرد و به چاوێکی دوژمنانه تێ‌یان ئه‌روانین، کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی به نه‌مر فه‌تاح ئاغا بڵین: هێزه‌که‌ت یه‌کپارچه کاژیکه( وه‌ك ئه‌وه‌ی کاژیك کورد نه‌بێت). ئه‌ویش وه‌ڵامیان ئه‌داته‌وه ئه‌فه‌رموێت: جا چیبکه‌ین؟ خۆ تازه ناتوانین به به‌هه‌شتێکانی وه‌ك مولازم محه‌مه‌د و حه‌مه‌مین گوڵچین بڵێین زیندو ببنه‌وه و خۆتان بۆ کوردستان مه‌ده‌ن به کوشت، ئه‌وه‌تا پێمان رازی نابن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی کاژیکی له‌و شۆڕشه‌دا به سه‌روه‌ری ئه‌گه‌یاند، خۆشه‌ویستی کورد و کوردستان و بارزانی مه‌زن بوو که هه‌میشه پاڵپشتی بیری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌کرد.
ئێستاش ئه‌وه‌تا که‌سه‌هایه‌ك له دژمان ئه‌نووسن، نه‌ك خۆیان چونکه زۆربه‌یان ئه‌و کاته سه‌ریان له هێلکه نه‌جوقابوو، به‌ڵکو باوکیشیان نه‌یوێراوه، سه‌یری ناوچه‌وانی به‌رزی هیچ نه‌ته‌وه‌ییه‌ك بکات و بڵێت به‌ری چاوت کلی پێوه‌یه. نه‌ك له ترسا به‌ڵکو له‌به‌ر خاوێنی هه‌ڵوێست و سه‌ر دانه‌نه‌واندنیان بۆ ویستی هیچ جۆره نه‌یارێك.
ئه‌مرۆش و سبه‌ینێش و ئاینده‌ی زۆر دووریشی له ته‌کدابێت، هه‌ر که‌سایه‌تی و گروپێك نه‌ته‌وییانه رێ نه‌کات، بیگانه‌یه به کورد و هه‌رچی هه‌ڵپه‌یه‌ك بکات، سه‌پانی پووش و بازرگانی کردنه به خوێن و سامانی کورده‌وه و هه‌لخه‌ڵه‌تاندنی نه‌وه دوای نه‌وه‌ی ئه‌م کورده‌یه و دوورخستنه‌وه‌یه‌تی له‌و ئامانجه‌ی که سه‌رفرازی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه یه.
سوپاسیش بۆ د. حسێن محه‌مه‌د عه‌زیز، به‌و نووسینه جوانه‌ی گه‌لێك ژێی هه‌ستیاری له ناخمدا هه‌ژان و، دیسان بردمییه‌وه بۆ نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه پڕ شکۆیه‌ی که له‌وێوه نه‌بێت هه‌ست به هه‌بوونم ناکه‌م.
14/11/10