 |
ئه‌حمه‌د کایا |
حه‌میدی مه‌لا سۆرۆ و ئه‌حمه‌د کایا
کاوه ئه‌مین
ده‌مه‌وێت سه‌ره‌تا به قسه‌یه‌کی شادڕه‌وان مامۆستا مه‌سعوود موحه‌مه‌د ده‌ست پێبکه‌م که له شوێنکدا ته‌قریبه‌ن ئاوای فه‌رمووه: "ئه‌گه‌ر رۆژێک مه‌زبه‌ته‌یه‌ک له نێوان گیانداره گۆشتخۆر و گۆشتخوراوه‌کاندا، ئیمزا بکرێت که تێیدا گۆشتخواردنی تێدا حه‌رام بکرێت، ئه‌وا گۆشتخورا‌وه‌کان به هه‌ر ده په‌نجه مۆری ده‌که‌ن به‌ڵام ئایا گۆشتخۆره‌کان ئاماده‌ن ئیمزای بکه‌ن؟" گه‌لی کورد که به درێژایی مێژوو غه‌دری لێکراوه و چه‌وسێنراوه‌ته‌وه، هه‌میشه داوای ئاشتی کردووه به‌ڵام ده‌ستی ئاشتیخوازانه‌ی کورد زۆرجار وردوخاش کراوه و چه‌ندین جاریش له بنا بڕاوه‌ته‌وه، نموونه زۆرن و پێویست به هێنانه‌وه‌یان ناکات.
له‌م ڕۆژانه‌ی پێشوودا، هاوڕێیه‌کی باکووریم بینی و وه‌ک هه‌میشه که‌وتینه ده‌مه‌ته‌قێ له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که ئێستا باسیان لێوه ده‌کرێت، ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد. ئه‌و هه‌ڤاڵه که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا چه‌ند ساڵێکی ته‌مه‌نی خۆی له زینداندا بردۆته سه‌ر و تامی شه‌ق و سووکایه‌تی دنیایی جه‌ندرمه و میتی تورکی بینیوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ لاریه‌کی له ئاشتی نه‌بوو و زۆریش تامه‌زرۆی رۆژێکی وایه که بگه‌ڕێته‌وه بۆ کوردستان، به‌ڵام چیرۆکێک که هێستا له مێشکیدا ده‌زرنگێنێته‌وه ده‌یترساند، بۆیه وتی خراپ نییه، به‌سه‌رهاتێکی کۆتایی چله‌کان یانیش سه‌ره‌تای په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردووت بۆ بگێرمه‌وه که دایک‌وباوکم به چاوی خۆیان بینیویانه.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا، له شاری فارقین، پیاوێک به‌ناوی (حه‌مید مه‌لا سۆرۆ) له ده‌وڵه‌تی تورک یاخی ده‌بێت و دوای ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رێک به‌ناوی (فه‌رهاد) و سێ له پاسه‌وانه‌کانی ده‌کوژێت، له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێیی خۆی رووده‌که‌نه سه‌ر چیاکانی ده‌وروبه‌ر، ئیتر ده‌وڵه‌تی تورک هه‌چی هێزی ده‌بێت کۆی ده‌کاته‌وه بۆ کوشتن یان گرتنی ئه‌و سێ که‌سه. رۆژێک که له ئه‌شکه‌وتێکی زۆر دوورودرێژدا ده‌بن، چوارده‌وریان ده‌گرن، به‌ڵام حه‌مید و هاوڕێکانی به‌رخۆدانێکی گه‌وه‌ر ده‌که‌ن و رازای نابن خۆیان بده‌ن به ده‌سته‌وه، بۆیه والی دیاربه‌کر خۆی دێته جێگاکه، که ده‌بینێت وا سووپای تورکیا به ده‌یان خێمه‌یان لێ هه‌ڵداوه و حه‌میدیش له ئه‌شکه‌وت نایه‌ته ده‌ره‌وه، سوێندنی شه‌ره‌ف و ناموسیان بۆ ده‌خوات که ئه‌گه‌ر خۆیان ته‌سلیم بکه‌ن، ئه‌وا دادگاییه‌کی هاکه‌زاییان ده‌که‌ن و که‌س له گوڵ کاڵتریان پێ ناڵێت!
به‌وشێوه‌یه حه‌مید و هاوڕێکانی ته‌فه‌ر ده‌خۆن و خۆیان ده‌ده‌ن به ده‌سته‌وه. یه‌که‌مین شت که تورکه‌کان ده‌یکه‌ن، تاشینی سمێڵه درێژ و قه‌فقه‌فه‌که‌ی حه‌مید ده‌بێت که نیشانه‌ی مێرخاسی و پیاوه‌تی بووه له‌و سه‌رده‌مدا، پاشان ده‌ست و قاچی ده‌به‌ستنه‌وه و ده‌یهێنن بۆ شاری فارقین و به ئاشکرا و به به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک فزه بکات، له‌سێداره‌ی ده‌ده‌ن، تا ببێت به عیبره‌ت و که‌س نه‌وێرێت جارێکی دیکه به‌رانبه‌ر تورکیا بکۆکێت. شه‌ره‌ف و نامووسه‌که‌ی، والی دیاربه‌کریش ته‌نها بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی حه‌مید و هاوڕێکانی بوو، ده‌نا کوا داگیرکه‌ر شه‌ره‌فی هه‌یه. هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا، ئه‌وه‌ی که تورکه عیلمانی و مۆدێرنه‌کان به ئه‌حمه‌د کایای هونه‌رمه‌ندیان کرد، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وتبووی له سیدیه تازه‌که‌مدا، گۆرانیه‌کیش به کوردی ده‌ڵێم و کلیپێکی بۆ ده‌که‌م، ئاخر من خۆم، کوردم. ئیتر ئه‌و دوو په‌یڤه بووه ئاگر به‌ربووه گیانی رۆشنبیر و نا ڕۆشنبیری تورک و ئه‌حمه‌د کایا وڵاتبه‌ده‌ر کراو و به‌خه‌فه‌ته‌وه مرد.
تورکه‌کان ده‌مێکه وتوویانه باشترین کورد ئه‌و کوردانه‌ن که له گۆڕدان، ره‌نگه هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یش بێت که ئه‌ردوگان ده‌یه‌وێت به‌شداری یادی ده ساڵ کۆچی دوایی ئه‌حمه‌د کایا بکات له ئه‌سته‌نبووڵ. ئه‌وکات به حه‌مید مه‌لا سۆرۆیان ده‌گوت، چه‌ته "ئه‌شقیا"، به ئه‌حمه‌د کایای ئه‌م سه‌رده‌مه‌شیان ده‌گوت "تیرۆریست" و ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌ی حوریه‌تی تورکی به مانشێت له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا له په‌نای وێنه‌یه‌کی ئه‌حمه‌د کایا، نووسیان "ئه‌وه‌یه، بێشه‌رف".
مه‌به‌ست له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و نموونانه ئه‌وه‌یه که ئێمه‌ی کورد نابێت به زه‌رده‌خه‌یه‌کی دووژمن بکه‌وینه هه‌له‌که سه‌ما، ئه‌وه‌ی که من که‌مێک دڵخۆش ده‌کات ئه‌ویه، کاتێک له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌ڵبژێردروای باکووری کوردستان قسه ده‌که‌یت، تێده‌گه‌یت که مێشکی خۆیان رزگارکردووه و له زیهنی خۆیاندا کوردستانێکی "خۆسه‌ریان" چێکردووه، کورت و کورمانجی، پێده‌چێت ئه‌مجاره‌یان کوردی باکوور ته‌نها به‌شه‌ره‌ف و ناموسخواردنی تورکان بروانه‌که‌ن و به ده‌ردی حه‌میدی مه‌لا سۆرۆ نه‌چن و به‌ده‌ستی به‌تاڵ نه‌گه‌ڕێنه‌وه.
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی رووداو به‌شی کورمانجیدا بڵاو کراوه‌ته‌وه.