كاوە ئەمین: ئاخر شەرم نییە حكوومەت خانوو بۆ وەزیر دروستبكات و وەزیریش بیداتەوە بە كرێ بە حكومەت
هەڵۆ مەرگەیی
كاوە ئەمین سەبارەت بەكابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان گووتی دەبێت كەمێك بۆ سەرەتایی دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 1992 بگەڕێنەوە كە نائومێدی خەڵك دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە. مێژووی كورد لە سەد ساڵدا بە هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەهەمەوە هەلیی بۆ كورد نەرەخساند كە ببێتە خاوەنی كیانی نەتەوەیی خۆی، ئەوەیش جگە لە چاوچنۆكی كۆلۆنیالیستان دەبەنگی سەرۆك خێڵەكانی ئەوسای كوردیش فاكتەری سەرەكی بووە، دەنا خۆ عەرەب و تورك و فارسیش هەر خەڵكی هەمان ناوچەن و ئاین و ئایدۆلۆژیایان خستە بەرژەوەندی خۆیانەوە و بوونە دەوڵەت. ئەگەرچی ئەزموونی ناوچەكە ئەوەمان نیشان دەدات كە دەوڵەتبوون مانای خۆشگوزەرانی نەبووە بۆ ئەو نەتەوانە، ئەوەتا پاش 90 ساڵ خەڵكی ئەو وڵاتانە بەدژی دیكتاتۆرەكانیان سەریانهەڵداوە.
ئاماژەشیدا كە بەرزبونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵكی باشووری كوردستان بۆ ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە كە دەستەڵاتی كوردی بنیاتی ناوە و دیواری حكوومەتی هەرێمیش هەر لەسەرەتاوە بە سەقەتی بنیات نرا و شەڕی ناوخۆ هەموو ئومیدەكانی كوردی سەروبن كرد. لەگەڵ ئەوەیشدا نەتەوەی كورد لەو پارچەیەدا چەند جارێك شانسی بە دەستەڵادارنی كورددا، بەڵام بەداخەوە كەڵكی لێوەرنەگیرا.
بیست ساڵە سادەترین ماف كە ئاو و كارەبا و جادە و تەندروستییە هێشتا سەرەتایین. قوتابخانە و زانستگەكانی كوردستان وەكو پێویست گەشەیان نەكردووە. هێشتا كەلاوەكانی ئەنفال و برینەكانی سارێژ نەكراون، هێشتا بستێك خاكی داگیركراوی كوردستان لە دوای رووخانی سەددامەوە نەگەراندراوەتەوە بۆ ژێر دەستەڵاتی كوردی و دەیان شتی دیكە كە ئەگەر ریزیان بكەم، رەنگە لاپەرە و دوو لاپەرەی رۆژنامەكەتان بەشی نەكات. لەهەموویشی ناخۆشتر چاوتێرنەبوونی بەرپرسانی كورد لە بەفیرۆدانی سەروەت و سامانی ئەو گەلە. ئاخر شەرم نییە حكوومەت خانوو بۆ وەزیر دروستبكات و وەزیریش بیداتەوە بە كرێ بە حكوومەت؟ ئێستا ئیتر كەس نییە لەو وڵاتەدا باسی گەندەڵی نەكات بە حكوومەت و سەرۆكەكان خۆشیانەوە، ئەی كەواتە چاوەڕێی چی دەكەن؟ بۆ نایكەن و كێ دەستی گرتوون؟ باشە بۆ لە خۆیانەوە دەست پێی ناكەن و موچەكانی خۆیان كەم ناكەنەوە بە وەزیر و پەرلەمێناتارەكانیشەوە؟ ئەو هەموو ماڵ و موڵك و سامانەیان لە كوێوە هێناوە، بۆ نایگەڕینەوە بۆ حكوومەت؟ دیارە من نامەوێت بڵێم كە هەر هیچ نەكراوە لەو وڵاتەی ئێمەدا، بەڵام ئەوەی كراوە و هەركەس كردبێتی وەكو ئەرك كردوویەتی، مەگەر حكوومەت ئیشتی چییە، ئەگەر خزمەتگوزاری نەكات و كار بۆ خەڵك نەكات بۆیە ئەوە هیچ منەتێك نییە كە بیكەن بەسەر خەڵكدا، خەڵك بۆیە دەنگیان دەداتێ تا كاریان بۆ بكات لە هەموو دنیادا هەروایە و هەروایش دەبێت. خۆناكرێت كورد لەمەیاندا ریزپەربێت. ،سەبارەت بە نێچیرفان بارزانی و گەڕاندنەوەی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كە هەندێ لایەن بەپێویستی دەزانن بۆ دوبارە بە دامەزراوەكردنی حكومەت گووتی بەرێز نێچیروان بارزانی كۆمەڵیك كاری باشی كرد، بەڵام لەبیرمان نەچێت لەسەردەمی ئەودا نە گۆران لە پەرلەماندا بوو و نە ئۆپۆزسیۆن بەگشتی چالاك بوون. بەڵام ئەو گەندەڵییەی كە ئێستا بۆگەنەكەی خەریكە چاوی هەموومان كوێر دەكات ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای 1992، ئەوسا یاسایەك دەرنەكرا بۆ سزادانی گەندەڵی ئەگەریش هەبووبێت هیچ كاتێك نەخرایە كردارەوە، كوا كام وەزیر، كام بەرپرس لێپرسینەوەی لەگەڵدا كراوە؟ ئاخر ئێستا وەزیر و بەرپرس هەیە لە كوردستاندا ئەگەر هەموو موچەكەی كە لە دوای 1992 وە وەریگرتووە و یەك فلسیشی لێ خەرج نەكردبێت، ئینجا بەشی خانوویەك لە خانووەكانی ناكات! ئەی حكوومەت نابێت بپرسێت ئەو پارەیەی لە كوێوە هێناوە؟ بۆیە بەبڕوای من ئەم دۆخە نە بە كاك نێچیروان و نە بە كاك بەرهەمیش بەتەنها چارەسەر ناكرێت، ئەوە داودەستگای حكوومەتە كە دەبێت كاری خۆی بكات، خۆ كەس لە مردن بێ بەری نییە ئەگەر خوانەخواستە ئەو دوو زاتە شتێكیان لێبێت، خۆ نابێت كورد دەستەوئەژنۆ لێی دابنیشیت. باشە كاك نێچیروان و دوكتۆ بەرهەم كاری باشیان كردووە، ئەی ئەگەر سبەینێ خەڵكانێكی دیكە هاتنە سەر حكوم بە دەنگدان و ئەم رەوشە هەروا بەردەوام بێت ئەوكاتە چی بكەین؟ تەنها ڕێگا چارە ئەوەیە كە هەرچی زووترە دەست بكرێت بە چاكسازی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی لە كوردستاندا، دەبێت هیچ حیزب و لایەنێك هێزی چەكداری نەمێنێت و هەر سەرۆكوەزیرێك بێتە سەر حكوم لە كوردستاندا دەبێت سووپا و پۆلیس گوێرایەڵی بكەن لە زاخۆە تا خانەقین و هەر شوێنێك كە كوردستانە و دەبێت ماڵ و حاڵی خەڵك بەبێ جیاوازی بپارێزرێت. دەبێت حیزب و حكوومەت وەكو دین و دەوڵەت لەیەكتر جیابكرێنەوە. بیست ساڵە خەڵكانێك كە هیچ بەرژەوەندی شەخسیان نییە داوا لە سەركردە كوردەكان و پارت و رێكخراوەكان دەكەن و لێیان دەپاڕێنەوە ئەم هەلە لەدەست كورد مەچوێنن، مەهێڵن ئەم بەلەمە كونكونەمان زیاتر پەرێشان بێت، ئێمە لە دەریایەكداین نەك كەس بەهانامانەوە نایەت بەڵكو لە چوارلاوە تۆپمان تێدەگرن و دەیانەوێت نەغرۆ بین، نە پارە و نە مستەشارە ماستاوچیەكانی خۆمان و بیانی رزگارمان ناكەن. بەرێزینە لەو خەوە قورسە رابن، خۆشەویستی گەل سەرتۆپكی هەموو جوانییەكانە، نە شێخ سەعدی و نە سەید رەزا و نە پێشەوا قازی محەمەد ، فلسێكیان لەگەڵ خۆیان نەبردەوە ژێر گڵەوە وهەرنەشیان بوو، بەڵام مێژوویەكیان بۆخۆیان تۆمار كرد كە كورد شانازیی پێوە دەكات، ئێستا هەندێك چاوچنۆك و پولەكی خەریكە ئەو مێژووەیش لەكەدار دەكەن، ئەوە نییە گەنجی كورد لە نەزانییەوە بێت یان توڕەبوونەوە خەریكە هەموو پیرۆزیەكان دەخەنە ژێر پێوە، دەبا هەموومان بپرسین و بەدوای وەڵامەكەیدا بگەڕێن، نەك هەر هەموومان نقورچك لەیەكتری بگرین!