تەعریبکردنی گەلان لە لایەن عەرەبەکانەوە، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. سەرەتا ئەوان بەناوی ئاینی ئیسلامەوە رەگوریشەی چەندین نەتەوەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکێشا. دوای ئەوەی لە ساڵانی بیستەکانی سەتەی رابردویشەوه، چەند دەوڵەتێکیان بۆ دامەزرێنرا لەبەرانبەر هەڵوەشانەوەی عوسمانییەکاندا، دەستیان کرد بە تەعریبکردن و داگیرکردنی گەلێک ناوچە کە بەخەویش پێیدا تێنەپەڕیبوون. کوردستان لە دوولاوە کەوتە بەر تەعریب، لە لایەک سووریا کە دەستکردنی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی بوو، لە لایەکی دیکەوە عێراق کە دەستکردی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی بوو. لە دوای چلەکانی سەدەی رابردووەوه راگواستنی کوردەکان بە شێوەیەکی سیتەماتیک دەستی پێکرد. سەرەتا له کوردە فەیلیەکان کرانە ئامانج، دوای هاتنەسەرکاری هەردوو حیزبی بەعسی سووریی و عێراقیش، تەعریب و راگواستن گەیشتنە چڵەپۆپە.
لەبەرانبەر ئەو کارە نامرۆڤانانەدا، راستە کورد شۆڕشی بەرپاکردووە و دەستەوەستان دانەنیشتووە، بەڵام سێبەری برایەتی درۆزنانەی کورد و عەرەب هەمیشە باڵی بەسەر ستراتیجیەتی شۆڕشەکانی کورددا کێشاوە و دەیان جار کوردیان پێ هەڵخەڵەتاندووە. هەر کاتێک دەوڵەتی عێراقی پەکی کەوتبێت پەنایان بۆ گفتووگۆ و کات بەسەربردن بردووە، تا ئەو کاتەی خۆیان بەهێزکردۆتەوە، پاشان وەکو ئەوەی نەبایان دیبێ و نەبۆران دەستیان بە سیاسەتی رەگەزپەرستانەی خۆیان کردۆتەوە.
لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا زۆرجار کورد ئەم یاری مار و پەیژەیەی تاقیکردۆتەوە و هەمیشە لە سفرەوە دەستی پێکردۆتەوە. شەڕی کەنداوی یەکەم و دووەم باشترین فرسەت بوو بۆ کورد کە دەستبەرداری برایەتی درۆزنانە بێتەوە و کیانێک بۆخۆی دابمەزرێنێ، ئەوەیش لەسەر بنەمای دوژنمایەتی عەرەب نا، بەڵکو وەکو مافێکی رەوا هەروەک چۆن عەرەبەکان بە فەلەستیننیەکانی رەودا دەبینن. بەڵام نەیانکرد. پێش رووخانی بەعس کە زۆربەی زۆری ئەوانەی ئەمرۆ دەستەڵاتدارن لە عێراقدا خواخوای ئەوەیان بوو پێشمەرگە بیانپارێزی و کەرامەتی خۆیان دابووە دەست پێشمەرگە، کەچی دوای هێنانەوەیان لە وڵاتانی دەوروبەر و لەژێر رەحمەتی تانکەکانی ئەمریکادا، ئەوەتا نەک حساب بۆ کورد ناکەن بەڵکو دەستیان کردووە بە تەعریبکردنی کوردستان و بە ئاشکرا ڕۆژانە کوردەکانی جەلاولا و سەعدییە دەکوژن و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەریان دەکەن، ئەگەر لە ماوەی ٢٠٠٤ تا ئێستا، زیاتر لە ٧٠٠ کورد بەئاشکرا شەهید کرابن ئەوا لەسەردەمی بەعسدا رەنگە لەو ناوجانەدا هێندە کورد شەهید نەکرابن. هەورەک بەرپرسێکی سەربازی هێزی پیشمەرگە لە خانەقی باسی کرد، ئەگەر کورد شەری سووپای عێراق و تیرۆریستەکانشیان بکرادیە کە لە هەمان کانی ئاودەخۆنەوە، رەنگە هێندەی ئەو ژمارەیە کورد نەکوژرابایە.
فەرماندەیەکی دیکە سەربازی کورد لە هەمان ناوچە کە بە ئاشکرا دیار بوو چەقۆی داگیرکەر گەیشتبووە سەر ئێسقانی بەئاشکرا وتی "ئیتر ئەو ناوچانە، ناوچەی داگیرکراون، ئەگەر ئێمە لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکەییەکانەوە، چۆن خانەقینمان پاکردەوە، ئەو ناوچانەشمان پاکبکردایە ئەوا ڕۆژمان بەم رۆژە نەدەگیشت." ئەمریکیەکان کە تەنها کورد دۆستیان بوو لەجیاتی ئەوەی گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی عێراقی و تیرۆریستەکان، گوشار بۆ کورد دەهێنن و ڕێگانادەن هێزی پیشمەرگە وەکو پێویست بچێتە ناوچەکەوە، بەڵام چاوپۆشی لە کوژران و ئاوەرکردنی کوردەکان دەکەن لەو ناوچانەدا، بەڵام لە بەغدا لەبەردەم هێزیكی میلیشای موقتەدا سەدردا بەچۆکدا دێن.
رووداوەکانی ئەم دواییەی جەلەولا و سەعدییە و پێشتریش لە موسڵ، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کێشەی کورد تەنها بە جیابوونەوە و دامەزراندی دەوڵەتێکی کوردی چارەسەر دەکرێت و تەنها کیانێکی نەتەوەیی دەتوانێت کەرامەتی کورد بپارێزێت، ئەوەیش نەک تەنها لە باشووری کوردستان بەڵکو لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، بۆیە پەنابردنەبەر چارەسەری دیکە بە فیدرالیشەوە تەنها خۆهەڵخەڵاتندنە. کورد دەمێکە وتوویەتی دوژمن نابێت بە دۆست، ئەو دوژمنایەتیەش کورد دروستی نەکردووە و لێی بەرپرسیار نییە، بۆیە ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێم و ئۆپۆزسیۆنیشە کە هەموو توانای خۆیان بۆ ستراتیژیەکەی وا بخەنە گەڕ و لەم کاتەدا دەبێت ماڵی کورد یەکبخرێتەوە لەسەر بنەمای یەکسانی و بەرژەوەندی نەتەوەیی، دەنا کارەساتێکی گەورە رووبەرووی نەتەوەی کرد دەبێتەوە و هەموو کورد دەبێتە قووربانی، چونکە هەم داگیرکەر و هەم تیرۆریستە دەستەمۆکانیان، تەنیا یەک کورد دەناسن کە لە چاوی ئەوانەوە پێی دەوترێت "کوردی خراپ". تورکەکان لە کاتی خامۆشکردنی شۆرشی ئاراراتدا دەیانووت، باشترین کورد ئەو کوردانەن کە لە گۆڕنراون، ئەو عەقڵییەتە هێشتا نەگۆڕاوە کاتێکیش لەژێر لێوەوە دەڵێن کورد هەیە ئەوە لەترسی شەقی کوردە، بۆ ئەوەکانی دیکەیش هەروایە.
|