دەمووچاوی شەڕ هەمیشە ناشیرینە!
کاوە ئەمین
تێبێنی: لە ڕۆژنامەی (رووداو) چاپی ئەوروپادا بڵاو کراوەتەوە.
ناونیشانی ئەم وتارە قسەیەکی (ئۆلف پالمێ)ی سەرۆکوەزیرانی سوێدە کە لە ساڵی ١٩٨٦، دوای ئەوەی لەگەڵ ژنەکەیدا لە سینەما دەگەڕانەوە، تیرۆرکرا، ئیستایشی لەگەڵدا بێت بکوژەکانی نەدۆزرانەوە، یانیش کورد وتەنی، خۆیان دیزە بە دەرخۆنەیان کرد، چونکە زۆر بیرورا هەیە دەربارەی ئەوەی کە هەڵوێستە دژە توندوتیژییەکانی پاڵمە، بەتایبەتی تیرۆریزمی دەوڵەتی، هۆکاری کوشتنەکەیەتی. پالمە یەکەمین سایسی ئەوروپایی کە بە دژی شەڕی ڤێتنام دەنگی هەڵبڕی و نەیدەشاردەوە کە دەبێت دژایەتی ئیمپریالیزم بکرێت، هەر لەو سۆنگەیەشەوە، پشتیوانی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی جیهانی دەکرد. ئێستا بە پێچەوانەوە، سەرکردەکانی دنیا لە هەڵپەی ئەوەدان دوای هەموو شەڕەکان، قاشێک لە کێکەکەیان بەرکەوێت.
گەلانی وڵاتداگیرکراو لە هەموان زیاتر زەرەرمەندتر دەبن لە شەڕدا، چونکە داگیرکەر هەموو جۆرە میتۆدێک بەکاردەهێنێت و جیاوازی لەنێوان گریلا (گریلا وشەیەکی یۆنانییە و بەمانای شەڕی بچوک دێت) و دانیشتوانی سڤیلدا ناکات، زەقترین نموونەیش، شەڕی ڤێتنام کە تەڕ و وشکی تێدا سوتێنرا، یانیش شەڕی دەوڵەتی عێراق و بەعس دژی کورد، چونکە کاتێک داگیرکەر دڵنیا دەبێت سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت سیاسەتی سوتماککردن خاک و کۆمەڵکوژی تاقی دەکاتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ تورکیا دژی کوردستان دەیکات هەمان ئەو مێتۆدانەن کە کەنان ئێڤرین، تانسول چیلەر و یەشار بیوکئانت و یەڵماز و ئەوانی دیکە تاقیانکردەوە، بەڵام دواجار ئەوان خۆیان گۆشەگیرکران و دەستەڵاتیان لەدەستدا، بەڵام کێشەی کورد وەکو خۆی مایەوە. کارێکی گەوجانەیە بڵێن بە لەناوچوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، کێشەی کورد کۆتایی پێ دێت. چونکە پێش (پکک)یش کورد هەر هەبووە و هەر دەیشبێت.
تورکیا دەیەوێت لاسایی سریلانکا بکاتەوە کە چۆن پڵنگەکانی تامیلی لەناوبرد، بەڵام بەراوردکردنی وڵاتی تامیلەکان لەگەڵ کوردستان و شێوەو خەباتی کوردانی باکوور لەگەڵ تامیلەکان تەنها خۆ هەڵخەڵتاندن و کات بەفیرۆدانە. چونکە لەگەڵ تێکشاکاندنی خەباتی چەکداری تامیلەکنیشدا، هێشتا کێشەکەیان وەکو خۆی ماوە و هەر دەشمێنێت، ئەمڕۆ یان سبەی لە شێوەی دیکەدا سەرهەڵدەداتەوە، ئەمە بۆ کورد و هەموو بزووتنەوەیەکی ئازدیخواز هەروایە. ناهەقییەکی گەورە دەکرێت کاتێک باس لەوە دەکرێت با پکک دەستبەرداری چەک بێت یانیش وەکو سەفیری ئەمریکی لە بەغدا بە (رووداو)ی وتووتە دەبێت بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک چەکدابنێن! ئایا ئەمریکییەکان خۆیان بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک عێراق بەجێدەهڵێن و گوێڕایەڵی فەرمایشتەکانی سەدر دەبن؟ ئەی ئەوە نییە لە ئەفغانستان کە ئەوە دە ساڵە تالیبانەکان بە دێوودرنج لە قەڵەم دەدەن، ئێستا دەستەوداوێنی مەلا عومەر دەبن تا بێت لەگەڵیان دابنیشێ و لە حکومەتدا بەشداری بکەن! سەیرە، ئەمریکا تەنانەت لە عێراقیش هەمیشە پشتی عەرەبەکان دەگرێت لەبەرانبەر کورددا، ئەوە لە کاتێکدا کە ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا لە تەنگاویدایە، تەنها کورد وەکو دوکتۆر مەحمود عوسمان جارێک وتبووی لە مەلایەوە هەتا ئەو پەری چەپی کورد، چەپڵەیان بۆ لێ دەدا، بەڵام هەر کە مارە سرەکانی سەردەمی بەعس زیندووبوونەوە، هێواش هێواش تەرازوی کوردی لاسەنگ کرد لە ناوچەکدا.
ئەردوغان کەسێکی زیرەک و لێزانێکی سیاسیە، لە لایەک بە رووخسارێکی ئیسلامییەوە توانی نەک تەنها تورک بەڵکو بەشێک لە کوردیش هەڵبخەڵەتێنێ، لە لایەکی دیکەیشەوە توانی بەشێکی زۆر لەوانەی خۆیان بە سێکۆلار دەزانن بەلای خۆیدا رابکێشێت، هاوکات فایلی ئەرگەنەکۆنی هێنایە ناوناوانە و ژمارەیەک لەو ئەفسەرانەی سوپا کە بووبوونە رێگر لەبەردەم خەونە سیاسییەکانیدا ڕاپیچی زیندان کرد، هاوکات هەموو توانای حکومەتی خستە ژێر دەستی سووپاوە، ئەوەتا سەرئەرکانی دەستلەکارکێشاوەی سووپای تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا لە دێرسیم دەڵێت:"پارتی کرێکرانی کوردستان تەنها بۆ خۆی تەقەی وەستانووە و یەکلایەنە بووە، ئێمە هیچ کاتێک تەقەمان نەوەستاندووە و دەوڵەتیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی کردوین."
ئەوەی سەیرە ئەوەیە هەندێک لەوانەی خۆیان وا دادەنێن کە لە شیکاری سیاسەتدا شا بەسەپان نازانن، هێندە کەوتبوونە ژێر کاریگەری پارتی دادوگەشەپیدانی ئاکاپە، ئەردگۆغانیان لێبوو بوو بە سەیدا و گاندی و نەک تەنها لە باکوور بەڵکو خوا خوایان بوو لە باشووریش کوردان دەنگ بە ئەردگۆگان بدەن، ئێستا کە دەزانن هەڵە بوون، لە ئاوازێکی دیکە لێدەدەن، بەڵام بەشی ئەوەشیان تێدا هێشتۆتەوە لە نزیکترین فرسەتدا دیسان لە گۆڤەندەکەی ئەردۆغاندا دەسرۆکە بادەدەن.
بیانیەکان دەمێکە وتویانە کورد میللتەێکی میوان خۆشەویستە، دیارە پێیان عەیب بووە دوای ئەو هەموو خزمەتکردنەیان بڵێن بێگانەپەرستە، بەڵام راستییەکەی وایە، بابایەکی غەیرە کورد دوو وشە لەسەر کورد بنووسێ یانیش بچێتە کوردستان، کام سەرکردەی کورد خۆی بە موهیم دەزانێت جا لە شاخ بێت یان لە شار بە ئاسانی دەستی پێی رادەگات، دوایش کە بە کەیفی خۆیان قسەیان لێدەرهێنان، بە زمانەکەی خۆیان یان بە ئینگلیزی دەنووسن لە باکووری عێراق یان باشووری رۆژهەڵاتی تورکیاوە دەئاخڤن. بۆیە من زۆر بە گومانم لەو بیانیانەی کە بەناوی دین و مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسیەوە دێنە کوردستان و خزمەتدەکرێن. لە رۆژنامەی رووداو دا بلاو کرایەوە رۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی، دوای چەند ساڵ کە خۆی بە دۆستی کورد نیشانداوە و تەنانەت لەسەریشی کردوونەتەوە کەچی لە ژێرەوە سیخوڕی بۆ دەستگای ئاسایشی ئەو ولاتە کردووە.
لێرەدا دەمەوێت ئەوە دووبارە بکەمەوە کە هەمیشە دەمووچاوی شەڕ ناشیرینە، بۆیە ئۆلف پاڵمە دەڵێت دەبێت هەمیشە بۆ ئاشتی هەوڵ بدەین. کوردیش دەبێت هەمیشە باسی ئاشتی بکات، جێگری سەرۆکی پارتی، نێچیروان بارزانی لە دیمانەکەی لەگەڵ رووداو دا دەڵێت: شتێک کە قەت لەبیرم ناچێتەوە ئەوەیە، کاتێک لە دیمەشق چاوم بە ئۆجەلان کەوت، لێی پرسیم چی بکەین باشە؟ منیش پێم وت هەمیشە باسی ئاشتی بکە. خۆ ئاپۆ تەنانەت لە زیندانیشدا هەر وای کرد، بەڵام تورکەکان هیچ کاتێک بە نیەتێکی پاکەوە پێشوازیان لێنەکرد.
بەڵام دەبێت تەنها لەبەر ئەوەی پێمان بڵێن ئاشتیخواز، نابێت کەرامەتی خۆمان بخەینە بەر پێی خەڵکی دیکەوە. تورکیا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرایل تێکدا تەنها لەبەر ئەوەی نۆ تورک لە لایەن ئەو وڵاتەوە کوژران، بەڵام شەهید کردنی حەوت ژن و منداڵی کورد لە لایەن فرۆکەکانی تورکیاوە، تەنانەت نەبووە هەواڵێکی لاوەکی رۆژنامەیەکی تورکی، کەچی ئەردۆگان لە هەرشوێنێک بڕشێتەوە، رۆژی دوای بەسەر رۆژنامە کوردییەکانەوە دیارە.
ئێستایش کاتی ئەوە هاتووە کە پارتی ئاشتی و دیموکراتی بچێتەوە پەرلەمان و گوێ لە دۆستەکانی بگرێت، چونکە جەماوەرێکی زۆری لە پشتە و زەرەر ناکات. دەکرێت پارتی کرێکارانی کوردستانیش لە ڕێگای راگەیاندی ئاگربەستێکی دیکەوە بەڕەکە لەژێر پێی شەڕخوازی دەوڵەتی تورکیا دەربێنێت، ئەگەر تورکیا هەر سوور بێت لەسەر شەڕەنگێزی خۆی ئەوا بێگومان کەس ناتوانێت دەستی تۆمەت بۆ کوردانی باکوور ڕابکێشێت.