شەڕی چەلێ و ئەگەرەکان
کاوە ئەمین
تێبینی: ئەم وتارە لە رۆژنامەی رووداودا، ئەمرۆ(٢٤ / ١٠) بڵاو کراوەتەوە.
هیچ چالاکییەکی سەربازی کورد بەدرێژایی شەڕی چەکداری بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، هێندەی هێڕشی گریلاکانی پارتی کرێکرانی کوردستان بۆ سەر بنکەکانی تورکیا لە ناوچەی هەکاری و بەتایبەتی چەلێ دەنگدانەوەی جیهانی نەبووە. ئەوەیش بە دوو هۆکار، یەکەم ژمارەی سەربازە کوژراوەکان زۆر بوو، دووەمیش راگەیاندنی دنیا بەهۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت بەهاری عەرەبی، چاوی لەسەر ناوچەکەیە. زلهێزەکانی دنیا لە ناتۆە بگرە هەتا ئەمریکا و تەنانەت بان کی مۆنی نیوە زمانی ئەمیندای UN یشی هێنایە قسە، هەرچەندە ئەوان شەڕەکەیان مەحکوم کرد، بەڵام ئەو شەڕە بەتەواوەتی سیاسەتی تورکیایی هەژاند. گومانی تێدا نییە کە شەڕ لە هەموو کەس زیاتر زیان بە گەلانی چەوساوە دەگەیەنێت، بۆیە کوردیش وەکو هەموو نەتەوەیەکی چەوساوە هەمیشە باڵای تفەنگی خۆشنەویستووە ئەگەر لە ناچاریدا نەبووبێت، بەڵام بە دیوەکەی دیکەدا ئەوە خەباتی چەکداریبووە کە چۆکی بە چەوسێنەران هێناوە و دەهێنێت، نموونەشمان زۆر لە بەردەستە چ لە مێژووی کۆن بێت یانیش مێژووی تازە. جەزائیر و لیبیا و ڤێتنام و ئەفغانستان و کۆسۆڤۆ و بۆسنیە و وڵاتی دیکە لە ڕێگای خەباتی چەکدارییەوە توانیان داگیرکەرەکانیان والێبکەن مل بۆ دیالۆگ و ئاشتی بدەن.
زلهێزەکانی دنیا هەموو مافێک بەخۆیان دەدەن بۆ بەکارهێنانی هێز لەکاتێکدا بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوەی کە لە لیبیا دەگوزەرێت فڕی بەسەر مافی مرۆڤەوە نییە کە ناتۆ بانگاشەی بۆ دەکات، ئەوە شەڕ و ململانێی نەوتە کە وایان لێدەکات ببنە هاوپەیمانی کۆنە ئەندامەکانی قاعیدە و سەلەفیەکان، چونکە قەزافی کەسێک بوو کە لە کۆنترۆڵی تەواوەتی ڕۆژئاوا دەرچووە بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی بانگاشەی بەتەواوەتی خۆماڵیکردنی نەوتی دەکرد لە لیبیا. کوشتنی قەزافی بەو شێوەیە ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەوانەی دوای ئەو یەکەمین کار کە کردیان کوشتنی دیلێك بوو. ئێستا باسی ئەوە دەکرێت کە کوشتنی قەزافی لەسەر داخوازی ناتۆ بوو بێت چونکە نەیاندەویست لە دادگادا کۆمەڵکێک مەلەف هەڵبدرێتەوە کە بە قازانجی هەندێک لەو وڵاتانی ناتۆ نییە.
ژمارەی ئەو ژن و منداڵانەی هەتا ئێستا لە لایەن (ناتۆ)وە کوژراون لە ئەفغانستان بەبیانووی راوەدونانی تاڵیبانەکان، دەگاتە سەتان کەس، بەڵام راگەیاندنی ئەو وڵاتانە چاوی خۆیان دەنوقێنن. بەڵام لەو لاوە بەناوی دژایەتی تیرۆرەوە، هەموو زلهیزەکان زمانیان کردۆتە یەک و رەوایەتی بە تاوانەکانیان دەدەن.
لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکیاوە، زیاتر لە حەوت هەزار چالاکڤانی سیاسی و مەدەنی کورد لە لایەن تورکیاوە گیراون بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، ئایا ئەوە تیرۆر نییە؟ دادگای تورکیا تەنها بۆ ئەندامە باڵاکانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی کوردی، داوای زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ زیندانی دەکات، ژنی کورد تەجاوزی پێدەکرێت، منداڵی کورد بەدیارچاوی کامێرکانەوە ئەشکەنجە دەدرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا کورد هاواری ئاشتی دەکات، بەڵام تەنها لە ئەشکەوتەکانی کوردستاندا دەنگدەداتەوە و کەس باسی ناکات، بەڵام کاتێک سەربازێکی تورک دەکوژرێت دەبێتە سەرنوچەی راگەیاندنەکان! ئەوەی کە لە هەمووی سەیرتربوو، ئەو هەڵچوونەی دەستەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستان بوو کە مۆرکی تاوانیان بەو چالاکییە سەربازییەوە نا، کەچی شەهیدکردنی حەوت هاووڵاتی کوردیان لە لایەن تورکیاوە وەکو تاوان چاولێنەکرد و تەنانەت ئەفسەرێکی تورکی نەهات داوای لێبووردن بکات و بگرە بە درۆودەلاسە ناویان برد! ئەم هەڵویستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان وا لە مرۆڤ دەکات کە بیربکاتەوە ئاخۆ ئەوان خۆیان بە والییەکی سەردەمی عوسمانی دەزانن یانیش حکومەتێک کە لە لایەن کوردەوە هەڵبژێردرابێت؟ کە ئەوانە دەڵێم مەبەستم ئەوە نییە چەپڵە بۆ شەڕ لێبدەم، بەڵام هەندێک پرنسیپیی دەوڵەتبوون هەن کە ناکرێت، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان خۆیانی لێ دوورەپەرێز بگرن. رەنگە هەر لەو روانگەیەشەوە بێت کە ماوەیەک پیش ئێستا بەرپرسێکی ئەمریکی وتبووی، سەرکردە عێراقییەکان بەشێوەیەک لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەن، وادەزانن هێشتا بەرهەڵستکارەکەی زەمانی سەددامن!
پارتی کرێکارانی کوردستان، هەزار سەربازی دیکەی تورک بکوژێت، ناتوانێت تورکیا بڕوخێنێت، هەرەوەها تورکیایش سەت هەزاری دیکە زیندانی بکات کێشەکە کۆتایی پێ نایەت. دوای ٤٣ سێ ساڵ خەباتی چەکدرای بزووتنەوەی باسکی شۆرشگێری (ئێتا) دەستبەرداری خەباتی چەکدرای بوو، بەڵام گەلی باسکیشیان گەیاندە سنووری سەربەخۆیی و کەرامەتی نەتەوەییان پارێزراوە، بۆیە ئەگەر تورکیایش وەکو ئیسپانیا بکات، ئەو کاتە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت خەباتی چەکدرای بێمانایە! دەنا تا ئەو کاتەی کەسانی وەکو عەبدوڵڵا گول لە چەلێ بڵێن ئەم خاکە خاکی تورکە و دەپارێزرێت، تاوەکو ئەو کاتەی تەرمی گریلاکان لەبەردەم پەیکەری ئەتاتورکدا بەبێ گیان ببەسترێنەوە، ئەوا وەکو رۆژنامەنووسێکی تورک لەو پەیوەندییەدا گوتبووی جگە لە رق و کینە نابێت چاوەڕێی شتێکی دیکە هەر هیچ نەبێت لە کەسووکاریان بکرێت، ئەگەر باسی کورد بەگشتی نەکەین! چۆنە سەرۆک کۆماری تورکیا داوای تۆڵە دەکاتەوە کە هەستی نەژادپەرستانی تورکی دەوروژێنێت؟ کەرامەت شکاندنی مرۆڤێک جا چ بگات بە نەتەوەیەک هەروا ئاسان نییە!