ڕۆژئاوا و سووریا لە یەکدی دەترسن!
کاوە ئەمین
تێبینی: ئەم وتارە بە کورمانجی سەرو و خوارو لە رۆژنامەی رووداو دا، بڵاو کراوەتەوە.
گفتوگۆکەی ئەم دواییەی بەشار ئەسەد لەگەڵ رۆژنامەیەکی بەریتانیدا، هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت و کۆمەڵێک پەیامی تێدابوو کە هەندێکیان دووپاتکردنەوەی قسەی دیکتاتۆرەکانی یەمەن و میسر بوون. بەڵام بەهۆی ئەوەی سووریا سنووری بە دەوڵەتی ئیسرایلەوەیە و بەحساب بە یەکێک لە دووژمنە سەرسەختەکانی دەژمێردرێت، ئەوە هاوکێشەکەی تێکداوە، ئەگەرچی سووریا لە کردەوەدا نەیتوانیوە خۆی راستەوخۆ هیچ شتێک بەرانبەر ئیسرایل بکات.
ئێستا کە زۆر شت لە ناوچەکەدا گۆڕاوە و یانیش بەرەوگۆرانکاری دەچێت، رۆژئاوا دەزانێت کە هێرشکردنە سەر سووریا لە ڕێگای سەربازییەوە دەبێتە هۆی پەلکێشانی چەندین وڵات و رێکخراوی چەکداری لە ناوچەکەدا کە خاوەن هێزێکی سەربازی گەورەن، وەکو ئێران، تورکیا، حیزبوڵڵە و حەماس و ئیسرایل، چونکە لێدانی سووریا مانای لێدانی حیزبوڵڵە و حەماسە کە دوو هاوپەیمانی گەورەی سووریان لە ناوچەکەدا و دەتوانن باری ئەمنی ئیسرایل لە باکوور و باشوورەوە تێکبدەن و بەبراوی هەندێک چاودێری ڕۆژئاوایی لە حاڵەتێکی وادا ڕەنگە لوبنان ببێت بە دوو بەشەوە.
گومانی تێدانییە، سەرەڕای ئەوەی کە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان سیاسەتێکی روونیان نییە، لە حاڵەتێکی وادا بەشێوەیەکی بەرفراوان سەرهەڵدان ڕێکدەخەن و کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان و باکووری کوردستان دادەنێن، هەربۆیە تورکیا لە ئێستاوە دەیەوێت جڵەوی بەرهەڵستکارانی سووریا بگرێتە دەست، تا ئەوەی لە باشووری کوردستان لە دوای ڕاپەرین و رووخانی بەعس روویدا، لەو پارچەیەی کوردستاندا دووپات نەبێتەوە و نابێت ئیعتراف بە فیدراڵی بۆ کورد لەو پارچەیەدا بکرێت، جا چ بگات بە مافی چارەنووس، ئەوە نییە مالیکیش پەیتا پەیتا ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەوان هەڵەیەکی گەورەیان کردووە کاتێک باسی فیدراڵێیان لە دەستووری عێراقدا کردووە و نایشارێتەوە و دەڵێت دەبێت سەرڕاست بکرێتەوە! رەنگە ئەو قسانەی مالیکی هاوکات پەیامێکیش بێت بۆ بەرهەڵستکارانی سووریا کە خۆیان توشی هەمان "هەڵە"ی ئەوان نەکەن، ئەگەرچی مالیکی دۆستێکی نزیکی سووریا و ئێرانیش بێت.
ئەوەی کە زۆرتر رۆژئاوای نیگەران کردووە ئەوەیە کە ئاخۆ هەڵوێستی ئێران چی دەبێت لەکاتی لێدانی سووریادا؟ چونکە ئێران دەتوانێت هەموو ناوچەکە بشڵەژێنێت، پێدەچێت ئەو هەڕەشانەی بەشار ئەسەدیش بە پشتیوانی ئێران بێت کاتێک هەڕەشەی "سووتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەکات.
لە لایەکی دیکەوە باسی ئەوەیش دەکرێت کە ئەمریکا دوای کشانەوەی لە عێراق و ئەفغانستان پێگەی سەربازی لەناوچەکەدا لاواز دەبێت، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە تۆ بڵێی ئەمریکا کە لە شەڕی ئەفغانستان و عێراقدا ماندوو بووە و پەندێکی باشی وەرگرتووە، جارێکی دیکە بۆ مانەوەی خۆی لە ناوچەکەدا پەلاماری سووریا بدات؟
بەشار ئەسەد بە بەردەوامی لەو وێنانەی ئەم دواییە دەڕوانێت و لە دڵەخورپەدایە، ناشزانێت چی دەبێت لە ئایندەدا، ئەو ترافیکە دیبلۆماسییەی نێوان ئێران و تورکیا و تەنانەت باسی دانیشتنینی نهێنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکرێت لەسەر رەوشی سووریا، زیاتر بەشار ئەسەدی ترساندووە، بەتایبەتی هەڵوێسی توندی تورکیا بەرانبەر سووریا، کە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمریکایە لەناوچەکەدا و پێدەچێت ئەمریکا بیەوێت ئەو مارە بەدەستی تورکیا بگرێت.
ئەوەی کە روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە پێدەچێت خۆپیشاندانەکانی سووریا بەردەوام بن، ئەوەیش گەورەترین ترسە کە بەشار ئەسەدی وڕکردووە، خۆپیشاندەران سوورن لەسەر رووخانی ڕژێمی بەعس جا بە پشتیوانی ڕۆژئاوا بێت یان نا! دیکتاتۆرەکان هەمیشە شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوە بوون، بەڵام چاونەترسی خەڵکی ڕاپەریوی سووریا سەرەڕای ئەو هەموو کوشتوکوشتارەی بەعسەیەکان، ئەسەدیان گۆڕیوە بۆ "شێرێکی" ترساو. نووسەرێکی سوێدی دەڵێت: دیکتاتۆرێکی ترسا و دیکتاتۆرێکی خەتەرە! بەڵام وادیارە چارەنووسی دیکتاتۆرەکان دواجار هەمان چارەنووسی، سەددام حسێن و حوسنی موبارەک بێت، جا چەند ترساو و چەندیش خەتەر بن!