لێکدانەوەیەک بۆ خەمەکانی رۆبسکێ
کاوە ئەمین
تێبینی: ئەم وتارە لە رۆژنامەی میدیا لە ١٧- ١ بڵاو کراوەتەوە.
گوندی رۆبسکێی هەرێمی شرناخی باکووری کوردستان، وەکو زۆر گوندی دیکەی کوردستان، لە لای زۆرێک لە ئێمە گوندێکی نەناسراو بوو، بەڵام کۆمەڵکوژی ٣٥ لاوی گۆڵبەری کورد لە شەوی ٢٨ لەسەر ٢٩ ی ١٢، ٢٠١١، هۆکارێک بوو کە ئەو تراژدیایە ببێتە لاپەڕەیەکی دیکەی خوێناوی نەتەوەکەمان و تەرمی لەتوپەتکراوی لاوانی کورد و گوندی رۆبسکێ لە هزری زۆرێک لە ئێمەدا بمێنێتەوە. رەنگە کەم رووداو، هێندەی ئەوەی لە رۆبسکێ رویدا، هێندە کوردی هەر چوار لای کوردستانی نیگەران کردبێت و هێندە کاردانەوەی دژی تورکان بەدوای خۆیدا نەهێنابێت. دیمەنێک لە دیمەنەکان کە لە لایەن ئەوانەی کۆمەڵکوژیەکەیان بەچاوی خۆیان بینیبوو، دوو منداڵ بە مردووی دەستیان لەنێو دەستی یەکتردا بوو. سەرکردەیەکی باکووری لە کاتی ناشتنی تەرمەکاندا وتی:"ئەوە پەیامێکە بۆ ئێمە. ئەگەر ئەوان بە مردووی دەستی یەکتریان گرتووە، ئێمە دەبێت بە زیندووی دەستی یەکتر بگرین."
پەیامێکە کە دەبێت هەموو کوردێک، گۆهداری بکات.
هاوخەمی کوردان لەو رۆژەدا لەگەڵ یەکتر، پەیامێکی گرنگ بوو بۆ داگیرکەران، بەتایبەتی نارەزایەتی کوردانی باشووری کوردستان، هەم وەکو حکومەت و هەمیش وەکو خەڵک، گرنگیەکی زۆری هەیە، چونکە باشووری کوردستان ئێستا نیمچە دەستەڵاتێکی سەربەخۆی هەیە و کوردانی پاڕچەکانی دیکەی کوردستان تەنها چاوەڕوانی هەڵوێستێکی وایان لێیان هەیە، بەتایبەتیش ناردنی نوێنەری سەرۆکی هەرێم بۆ بەشداری لە پرسەکەدا و پێشوازایان لە لایەن پەرلەمێنتارانی پارتی ئاشتی و دیموکراسیەوە، ڕاچڵەکاندنێکی نوێیە لە سیاسەتی کوردیدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەبینین کە هەندێک لێکدانەوەی سەیر و سەمەرە بۆ رووداوەکان کران لە لایەن هەندێک نووسەرەوە کە جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە. وەک میناک لە رۆژنامەیەکدا خوێندمەوە کاکی نووسەر ئەو تاوانە وەکو هەڵەیەکی ستراتیجی تەماشا دەکات و دەنووسێت:"سوپای تورکیا بەم کارەی کەوتە هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەوە بەوەی کە پەلەی کرد لە بڕیاردان لە هێرشکردنە سەر قافڵەیەک کە دیار نییە هێشتا سەر بە چەکدارەکانی پەکەکەن یان خەڵکی سڤیلن." ئەگەر بە قسەی ئەم کاکەیە بێت ئەگەر ئەو ٣٥ کوردە، گریلای پارتی کرێکارانی کوردستان بونایە، کیشەیەک نییە و تورک مافی ئەوەیان هەیە لەبەرئەوەی چەکیان پێیە، کۆکوژیان بکات! چەند هەڵوێستێکی دووڕوویانە و ناکوردانەیە، چەند شەرمە مرۆڤ ئاوا بیربکاتەوە. لەوەیش ناکوردانەتر ئەوەیە کە تورکۆت ئۆزالی گوایە بە رەچەڵەک کورد کە هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی تورک و ئەتاتورک سەرف کرد، بە کەڵە پیاو ناوببەیت، تەنها لەبەر ئەوەی وتویەتی کورد هەیە یان کێشەی کورد چارەسەر دەکات. ئاخر خۆ کورد هەر هەبووە و هەر هەیە، ئەوە داگیرکەرانن کە چاویان کوێربووە و نەتەوەیەکی چل ملیۆنی نابین. ئۆزال لە باشترین حاڵەتدا وەکو تەها محێدینەکەی ئەم دیوو سنوورە، بگرە کەمتریش بووە، ئیتر بۆ وەکو "کەڵە پیاو" بە کوردانی باشووری دەناسێنن و خەریکن فیلمێک لەسەر ژیانی دەردەکەن، ئەی بۆ ناچن لەسەر ژیانی سەید رەزا و شێخ سەعید و ئاپێ مووسا عەنتەر یان لەیلا زانا فیلمێک دەرکەن؟
دەوڵەتی تورکیا لە دوا ساتەکانی ماڵئاوایی لە ساڵی ٢٠١١ پەڵەیەکی ڕەشی دیکەی لەسەر لاپەڕەی مێژووی زاڵمانەی خۆیان تۆمارکرد، بەڵام کوردیان هەنگاوێکی دیکە لە یەکێتی نەتەوەیی نزیکردەوە، هاوهەڵوێستی کوردان لە سەرتاسەری جیهان ئەوەی نیشاندا و ئیسپاتیانکرد کە چیدیەکە خۆیان بەبێ خاوەن نازانن، وەکو سەردەمانی پێشوو.
بۆیە پێناچێت کورد هەروا بە ئاسانی ڕۆبسکێ لەیاد بکات.