بڕوا بە تورک و ئەمریکایەکان مەکەن!
کاوە ئەمین
لەگەڵ ئەوەی کە هەژموونی ئەمریکا لە هەموو روویەکەوە باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، جا لە لایەنی ئابووریەوە بێت یانیش سیاسی و فەرهەنگی، کەچی هێشتا ئەو وڵاتە وەکو دێوەزمەیەک تەماشا دەکرێت و دەموچاوێکی ناشیرینی هەیە لە نێو خەڵکدا. ئەویش زیاتر بەهۆی چاوچنۆکی و پاوانخوازی ئەو وڵاتەوەیە، ئاخر ئەوان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا، دەتوانن لەگەڵ دیکتاتۆرترین کەسی جیهاندا هاوپەیمان بن، ئیتر گرنگ نییە لەناوخۆی ئەو وڵاتەی کاکی دیکتاتۆر چی دەگوزەرێت، نموونەیش زۆرن ئەگەر تەنها چاوێک بە پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتدا بخشێنین لە دوای ساڵانی پەنجاکانی سەتەی رابردووە، ئێستایشی لەگەڵدا بێت.
راستە کورد براوەی یەکەمە لە لەکۆڵکردنەوەی دیکتاتۆرێکی وەکو سەددام حسێن و تڕۆکردنی حیزبی بەعس لە عێراق، کە رووبەرووی دەیان کۆمەكوژی و خراپکردنی ژینگەی کوردستان بووبووە، بەڵام ئەمریکا تا ئێستایش سیاسەتێکی روون و ئاشکرای نییە بەرانبەر کێشەی کورد بەتایبەتی لە لە پێوەندی لەگەڵ ناوچە داگیرکراوەکان و کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و تەنانەت لەبەرانبەر ئێرانیشدا کە دووژمنی سەرەکی و ئاشکرای ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا. باشترین نموونەیش بێدەنگی ئەو وڵاتە بوو لەبەرنبەر تۆپبارانکردنەکانی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان.
لەم رۆژانەدا بەڕێکەوت لەگەڵ پیاوێکی سوێدیدا کەوتمە قسەکردن کە ئەفسەرێکی خانەنشینی هێزی دەریایی سوێد بوو، وەکو عادەتێکی سوێدیەکان کە لەگەڵ ئێمەی پەنابەردا دەکەونە قسە، ئەگەر پرسیاری یەکەمیان ئەوە نەبێت کە خەڵکی کوێی، ئەو بێشک دووم پرسیاریان ئەوەیە. کاتێک لە وەڵامدا وتم، خەڵکی کوردستانم، پێم سەیربوو نەیگوت کام کوردستان، خۆی پارچەکانی یەکە بەیەک ریزکرد و تەنانەت بەشەکەی سۆڤیەتی جارنیشی لەگەڵ ریزکرد کە ئێمەی کورد خۆمان شەرم دەکەین یانیش ناوێرین بەئاشکرا ناوی بەرین. پاشان درێژەی بە قسەکانی داو، باسی کەرکووکی هێنایە پێشەوە، کە رەنگە زیادەرۆی نەبێت ئەگەر بڵێم لە ئەندام پەرلەمانێکی کورد چاکتر دەیزانی چەندە دەوڵەمەندە بە نەوت و چەند گرنگە لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری کوردستاندا. ئەو ئەفسەرە خانەنشینە کە ناوی ئەندەرش بوو، دەیگوت ئەگەر ئێوە بتوانن کەرکووک بگێرنەوە ژێر دەستەڵاتی خۆتان ئەوا دەتوانن بەبێ هیچ کێشەیەک دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆتان هەبێت و بەباشی تێیدا بژین. کە گەیشتینە سەر باسی دەوری ئەمریکا و تورکیا، ئەفسەرە سوێدیەکە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئێمەی کورد لە سیاسەتەکانی رۆژئاو بە تایبەتی ئەمریکا زەرەرمەندبووین لە مێژوودا، تەنان باسی ئەوەی دەکرد کە ئەگەر رۆژێک بووینە دەوڵەت ڕەنگە کارێکی ژیرانە ئەوە بێت کە لە پای دابەشکردنی کوردستان لە لایەن بەریتانیا و فەرەنسا لە سەردەمی دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لە مەحکەمەیەکی نێونەتەوەیدا داوای قەرەبووی زیانەکانمان بکەینەوە کە لە پای ئەو دابەشکردنەوە رووبەرووی نەتەوەکەمان کراوەتەوە و بووینە نێچیری ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکرا، زوو زوویش تورکیای وەکو میناک دەهێنایەوە کە چۆن کورد و ئەرمەنییەکانی کۆکوژ کردووە و رۆژئاوایش تەنها دەوری تەماشاچییەکی بینیوو، ئەو پێی وابوو کە بەڵەیەکی ڕەشە بە تەوێڵیانەوە.
لە لایەک خۆشحاڵ بووم کە سوێدییەک ئاوها مرۆڤدۆستانە باسی نەتەوەکەمان دەکات و شارەزاییەکی چاکی لەسەر کوردستان هەبوو، و لە لایەکی دیکەوە شەرمم دەکرد کە خۆمان هێندە خەمساردین و دەوڵەتی کوردیمان تەنها وەکو مافێک بەرەوا دەزانین بەڵام لە کردەوەدا دەست و پێ سپین. شەرمم دەکرد کاتێک دەیگوت ئێوە بۆ دەرسێک لە جوولەکەکان وەرناگرن کاتێک دەوڵەتیان دامەزراند لە هەموو دنیاوە روویان دەکردەوە ئەو وڵاتەی بۆیان دامەزرێنرا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم؟ کەچی ئێمەی کورد خۆمان دەمانەوێت ئەو کوتە دەوڵەتۆکەی لە باشوور هەیە ناشیرین بکەین، مەبەستم ئەوە نییە کە رەخنەی لێنەگرین بەڵام بۆچاککردنی. ئاخر هەندێک کورد وا باسی بەهاری عەرەبی دەکەن وەکو ئەو وڵاتانەیان کردبێتە شامی شەریف، ئەوە نییە بەرهەڵسکرانی سووریایی ئامادەنین لەژێر لێویشەوە باسی مافەکانی کورد بکەن!
کاتێک ئەندەرش خواحافیزی لێکردم، بەزەردەخەنەیەکەوە وتی: هیوادارم کە رۆیشتم نەڵێیت پیرەپیاوێکی چەنەبازم بوو و خەڵەفاوم، لەبیرت نەچێت ئەوەی پێم وتی، بە ئەمریکایی و تورکەکان بڕاو نەکەن.
منیش تەنیا سەرێکم بۆ لەقاند و لەدڵی خۆمدا وتم، کاک ئەندەرش منی لێنەبووبێت بە سەرۆککۆماری کوردستان. بۆیە تەنها وتم، بیرێکی باشی لێدەکەمەوە، جەنابی ئەفسەر، جارێ خاتراتە، هەیدۆ!
تێبینی: لە رۆژنامەی رووداو دا بڵاو کراوەتەوە.