پیاوی ئازای ئازادی!
کاوە ئەمین
سوێد لەگەڵ ئەوەی وڵاتێکی بچووکە، بەڵام دەنگێکی کارای هەیە لە نێو سیاسەتی نێونەتەوەیی و ئەوروپایە، ئاخر سوێد ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە. ئەگەرچی سوێدیەکان گەلێکی نەناسراو نەبوون لە مێژوودا، بەتایبەتی ڤیکینگەکان، لە سەدەکانی یانزدەی دوای زاینەوە بەهۆی کارە شەڕەنگێزییەکانیان و بازرگانیەوە دەستیان بەزۆرجێگای جیهان گەیشتووە و لەسەردەمی مەروانییەکاندا هەتا دیاربەکر و فارقینی کوردستان هاتوون. بەڵام لە سەردەمی نوێدا، یەکێک لەوانەی کە بووە دەموچاوێکی شیاوی سوێدییەکان ئۆلف پاڵمە بوو، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی ڤێتنامدا بەئاشکرا دژایەتی ئەو داگیرکاریەیی ئەمریکای کرد و تەنها سەرۆکوەزیرێک بوو لە ئەوروپا کە ڕاستەخوۆ بەشداری خۆپیشاندانەکانی دژی ئەمریکای کرد کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە ناوخۆی سوێدیشدا نەک توانی ببێتە سەرۆکێکی بەهێزی سۆسیالدیموکراتەکان بەڵکو کاریگەری گەورەیشی لە سەر سیاسەتی موحافەزەکارەکانی ئەو وڵاتە دانا. پاڵمە یەکێکە لەو سەرکردە جیهانیانەی کە بە قسە و کردار و گوتارەکانی ناسراوە و زۆرجار قسەکانی وەکو میناک دووپاتدەکرێنەوە بەتایبەتی لە لایەن سەرکردەکانی سۆسیالدیموکراتەکانەوە. پالـمە هەمیشە ئەوەی دووپاتە دەکردەوە و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بانگاشایەی بۆ دەکردن:"کار، عەدالەت، یەکسانی و ئاشتی"، ئەو دروشمانە لە ئەفیشەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٨٢ دا رەنگیاندایەوە کە پالـمە بۆ جاری دووەم توانی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیر، ئەو بانگاشانە بووبوونە ژێرخانی سیاسەتی سۆسیالدیموکراتەکان کە پاڵمە ئەندازیاریان بوو. زۆربەی زۆری ئەو یاسا گرنگانەی کە بوونە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای سوێدی بەرەو باشبژێوی هەنگاوبنێت، بەشێوەیەک لە شێوەکان مۆرکی ئۆلف پاڵمێیان پێوەیە، باتیبەتی بیمەی منداڵ و بیمەی دایکوباوکان لە ساڵانی حەفتاکاندا، هاندانی ژنان بۆ کارکردن، قەرزی خوێندن و دەیان شتی دیکە.
ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە خۆڕا نییە کەسێکی وەکو پاڵمە ناوبانگێكی جیهانی دەرکردووە.
کاتێک پاڵمە لە شەوی ٢٨ فێبروەری ١٩٨٦، لە کاتێکدا لەگەڵ لیسبەتی خێزانیدا لە سینەما دەگەڕانەوە و هیچ پاسەوانێکی لەگەڵدا نەبوو، لە لایەن کەسێکەوە تیرۆر کرا، کوشتنەکەی پاڵمە تا ئێستایش بە ناڕوونی ماوەتەوە، ئەگەرچی زۆرجار گومانی ئەوە دەکرێت کە موخابەراتی سوێد خۆی دەستی لەو کارەدا هەبووبێت، یانیش دەستگاسیخوڕیە جیهانیەکانی ئەو وڵاتانەی کە پاڵمە بە دژیان قسەی دەکرد دەستیان هەبووبێت لە تیرۆرەکەدا. سەرەتا ویستیان ئەو تاوانە بەسەر کورددا ساخبکەنەوە چونکە هیچ پشت و پەنایەکی نەبوو، بەڵام پلانەکە سەری نەگرت، ئێستا کەم تا زۆر بەردەێکی گەورەیان لەسەر کوشتنەکەی پاڵمە داناوە.
لە دوای کوشتنی ئۆڵف پاڵمەوە، ناوەندێک بەناوی "فۆندی پاڵمە" دانراوە و ساڵانە خەڵات دەدرێتە بەو کەسەی لە کارەکانیدا لە کردەوەکانی پاڵمەوە نزیکە. خەڵاتەکە بە بۆنەی رۆژی لەدایکبوونی پاڵمەوە دەدرێت کە ڕێکەوتە لەگەڵ ٣٠ یانوەری ١٩٢٧. بۆ ئەوەی پاڵمە لە بیرەوەری جیهانیدا دانەبڕیت، خەڵاتەکە دەدرێت بە خەڵکانی بیانی لە وڵاتانی جۆراوجۆر. تائێستا تەنها یەک کورد لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەو خەڵاتەی پێ ڕەوابینراوە، کە ئەویش خانم پەروینی ئەردەڵانیە کە کەسایەتیەکی ناسراوی کوردە و رۆژنامەنووسە لە ئێران کە بۆ مافەکانی مرۆڤ کاردەکات، ئەوکاتە ئێران ڕێگای نەدا ئەردەڵانی لە مەراسیمی خەڵاتوەرگرتنەکەدا بەشدار بێت.
خەڵاتی ئۆلف پاڵمە بۆ ساڵی ٢٠١١ درا بە دوو نووسەر و رۆژنامەنووس کە ئەوانیش لیدیا کاچۆی مەکسیکی و رۆبەرتۆ ساڤیانۆی ئیتاڵی بوون ئەویش لە پای کارەکانیان کە لەسەر بنەمای "خەباتی ماندونەناسانە و فیداکارانە و خۆبەخشانە جا چ بەتەنها یانیش لەگەڵ هاوکارەکانیان بووبێت." لیدیا کاچۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ دا کتێبێکی بەناوی "ڕێگانادەم بمترسینن" نووسی کە تێیدا باسی گەندەڵی سیاسی و بازرگانەکانی مەکسیک دەکات، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٥ دا کتێبێکی دیکەی نووسیوە بەناوی "شەیتانەکانی بەهەشت" کە باسی منداڵبازی کەسانی ناسراوی نێو کۆمەڵگای مەکسیکی دەکات. هەرچی رۆبەرتۆ ساڤیانۆی ئیتاڵیە، کتێبێکی بەناوی "گۆمۆرا" کە تێیدا کار و کردەوەکانی رێکخراوی مافیایی ئیتاڵی گۆمۆرا لە قاودەدات. ئەو دوو نووسەرە بەهۆی ئاشکراکردنی ئەو تاونانانەی کە لەو وڵاتەدانەدا ئەنجام دەدرێتن هەرەشەی کوشتنیان لێدەکرێت. رۆبێرتۆ ساڤیانۆ ئێستا لە لایەن پۆلیسەوە دەپارێزرێت، چونکە ناتوانێت لە هەفتەیەک زیاتر لە هیچ جێگایەک بمێنێتەوە و هەمیشە هەڕەشەی کوشتنی لەسەر، چونکە مافیاکان فتوای کوشتنیان داوە.
پاڵمە بەهۆی کار و کردەوە مرۆڤدۆستانەکانیەوە لە مێژوودا نەک تەنها لە سوێد بەڵکو لە دنیادا جێگایەکی شایسەتەی بۆ خۆی بەدی هێناوە و دەکرێت ئێمەی کوردیش کەڵک لەو میراتە مرۆڤانەیەی پاڵمە وەربگرین، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان کە کەوتۆتە سەر سکەی بەنەتەوە بوون و دەوڵەت بوون.
تێبینی: ئەم وتارە لە رۆژنامەی رووداو (١٣/ ٢ / ٢٠١٢) لە چاپی کوردستان و ئەوروپادا، بڵاو کراوەتەوە.
.