26 juni 2013

عەبدوڵڵا جەوهەر: ئەگەر کورد سەربەخۆ نەبێت ئەوا دەبێت هەر ماڵ بە کۆڵ بێت!

کاوە ئەمین / سلێمانی

تێبینی: ئەم وتارە لە گۆڤاری رۆڤاری ژمارەی تایبەت بە عەبدوڵڵا جەوهەر بڵاو کراوەتەوە.

بزاڤی ناسیۆنایستی کورد یانیش بەمانە کوردییەکەی بیری نەتەوەیی یان نیشتیمانی، لەچاو بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی نەتەوەکانی دیکە بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی زۆر بەدرەنگ فرچکی بەست. ئەگەرچی دەکرێت (مەم و زین)ی فەیلەسوف و هۆزاناڤانی گەورەی کورد ئەحمەدی خانی وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ کە تژییە لەهەستی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری دەستنیشان بکەین و پاشان حاجی قادری کۆیی و زۆری دیکەیش مەڵۆی خۆیان خستۆتە سەر شارانی نیشتیمانپەروەری، بەڵام ئەو هەوڵانە هەر لە دووتوێی کتێباندا قەتیسمان و نەبوونە پرۆژەیەک، مانیفیستۆیەکی سیاسی نەتەوەیی کوردییان لێ هەڵنەهێنجرا کە ببێتە هەوێنی پارتێکی نەتەوەیی تا کورد بگەیەنێتە مەنزڵگەی ئازادی و سەربەخۆیی. دیارە ئەو هەویرە ئاو زۆردەکێشێت و بابەتی ئەم وتارەی من نییە.

ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت باسی لێوەبکەم، دەوری کەسایەتییەکی گەورەی نەتەوەی کوردە ئەویش شادڕەوان عەبدوڵڵا جەوهەرە کە هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانی بە گۆمە مەنگەکەی کورد و کوردایەتی لەقەڵەمی دەدەن، ئاخر مامۆستا یەکێک بووە لەوانەی کە هیچ کاتێک لەخۆڕا هەگبەی دڵ و دەروونی خۆی بۆ هیچ کەسێک تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆیشی نەکردۆتەوە، بەڵام کاتێک پرسیاریان لێکردووە و کانییەک بووە وشکبوونی بەخۆیەوە نەبینیووە.

مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە هەستی بە ستەمکاری سەر نەتەوەکەی کردووە و ئازادی و سەربەخۆیی کوردی تەنیا لە ڕێکخراوێکی نەتەوەی کورد دا بینیوەتەوە، بۆیە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لەشاری کەرکووک لە ساڵی ١٩٣٨ لەگەڵ دڵداری شاعیر و نوری شاوەیسدا، بەشدرای لە دروستکردنی ڕێکخراوی سیاسی "کۆمەڵەی دارکەر " دەکات. هەروەها یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی حیزبی نەتەوەیی کورد.

مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر یەکێک بووە لەوانەی لە سەرەتای ساڵانی چلەکاندا کاتێک شۆڕشی بارزان هەڵدەگیرسێت و لە ساڵی ١٩٤٣مستەفا بارزانی لە سلێمانی دەبێت، هاوکارییەکی زۆری بارزانییەکان دەکات، ئەوەیشی لەسەر بنەمای کوردبوون و هەستی نەتەوەیی کردووە.

رەنگە یەکێک لە سیفەتەکانی مامۆستا کە لەزۆرێک لە رۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆیدا نەبووە ئەوەبێت، هیچ کاتێک هەڵگری بیروباوەری چەپێتی و کۆمۆنیستی نەبووە و ئەندامیان نەبووە، واتە لە قوتابخانەی کۆمۆنیستییەوە نەهاتۆتە ناو بیری نەتەوەیی و کوردایەتییەوە، ئەوە لەکاتێکدا بووە کە ئەو سەردەمەی ئەوی تێدا ژیاوە، رووناکبیر و خوێنەواری کورد وەکو پورەهەنگ لەدەوری ئەو بیروباوەڕە کۆبوونەتەوە کە زۆربەی جار لەسەر ئەساس و بنەمای ئابووری هاوبەش نەتەوەی کوردیان وەکو نەتەوە دانەناوە، چونکە بەقەولی ئەوان گوایە کورد ئابووری هاوبەشی نەبووە، بۆیە کردویانەتە پاشکۆی نەتەوە و وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان. بەڵام بە پێچەوانەوە مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر لە سەرەتای هەرەتی لاوێتیدا لەو کۆڕوکۆبونەوانەدا بەشدار دەبێت کە باسی سەربەخۆیی کورد و نیشتیمانەکەی وێردی سەر زمانیان دەبێت.

مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر جگە لە سەربەخۆیی هەموو چارەسەرێکی پرسی کوردی بە فشە چارەسەری لەقەڵەم داوە بۆیە راشکاوانە گوتوویەتی "هەتا کورد سەربەخۆ نەبێت، هەر ماڵ بەکۆڵ دەبێت." هەستی نەتەوەیی مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر وای لێدەکات کە بەشداری لە دروستکردنی کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد (کاژیک)دا بکات و یەکێک دەبێت لە حەوت دامەزرێنەرەکەی ئەو رێکخراوەیە. مامۆستا عەبدوڵڵا هاوڕێیەتییەکی زۆر پتە و نزیکی لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد هەردی دەبێت. ئەحمەد هەردی یەکێک دەبێت لە دامەزرێنەرانی کاژیک. هەروەها کاک عەلی سام ئاغا کە دواتر دەبێت بە ئەندامی کاژیک و تەنیا لە چوار کۆبوونەی ئەو ڕێکخراوەدا بەشداری دەکات و دەستبەرداری دەبێت، بەڵام ئێستایشی لەگەڵدابێت کەسێکی تاسەرئێسقان نەتەوەیی و سەربەخۆیخوازە. بەوتەی کاک عەلی سام ئاغا، دوای وازهێنانی ئەو لە کاژیک مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەریش واز لەکاری حیزبایەتی ناو کاژیک دەهێنێت، بەڵام هیچ کاتێک دەستبەرداری بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی نابێت و هاوڕێیەتی لەگەڵ مامۆستا هەردی و کاک عەلی سام ئاغا و هەڵگرانی بیری نەتەوەیی درێژەی دەبێت. بەوتەی کاک عەلی سام ئاغا، هاتنە دەرەوەی ئەوان لە کاژیک لە سەر رووداوی کانی ماسێ بووە کە تێیدا چەند شویعیەکی تێدا دەکوژرێت و ئەو تاوەنە دەخرێتە ئەستۆی کاژیک، ئەوە لە کاتێکدا بووە کە کاژیک وەکو ئەندامەکانی دەڵێن بەهیچ شێویەک دەستی لەو کارەدا نەبووە، بەڵام کاتێک داوادەکرێت با کاژیک بەیانێک دەربکات و خۆی لەو کارە بێبەری بکات، ئەو کارەناکەن، ئەوەیش لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە شتێک ئەوان نەیانکردبێت چ پێویست دەکات بەیانی لەسەر دەربکەن. عەلی سام ئاغا واز لەکاژیک دەهێنێت و عەبدوڵڵا جەوهەر کە لە دامەزرێنەرانی کاژیک بووە، تەنیا شەش مانگێک لەناو کاژیکدا دەمێنێتەوە، دەستبەرداری کاژیک دەبێت. پاش دوو ساڵ، مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمینیش دەست لە کاری حیزبایەتی ناو کاژیک دەکێشەتەوە.

گۆمە مەنگەکەی بیری کوردایەتی مامۆستا عەبدوڵڵا جەهەر و چەند هاورێێەکی دوای کاژیکیش لەسەر هەمان ڕێچکەی کوردایەتی خۆیان درێژە بە کاری سیاسیی خۆیان دەدەن و بیرلەوە دەکەنەوە کە ببنە پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلولدا بەڵام بەنیازی ئەوەی کە ڕێکخراوێك یان کۆمەڵەیەک دامەزرێنن کە هەم پشتیوانی سەرکردایەتی شۆرش بکات و هەمیش درێژە بە بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی بدەن، بۆ ئەو مەبەستە (ئەحمەد هەردی، عەلی سام ئاغا و عەبدوڵڵا جەهەر) بڕیاردەدەن بچنە دەرەوە. مامۆستا هەردی لەگەڵ بابەکرا ئاغای پشدەر بەرەو ناوچەی ئاسۆس دەڕوات بەو ئومێدەی کە هاورێکانی دیکەیشی دوای چەند رۆژێک بەهەمان مەبەست بچنە دەرەوە، بەڵام مەنعەتەجولەکەی شاری سڵیمانی بەسەردا دێت کە لەنەتەیجەدا بە دەیان کەسیان لە سلێمانی کوشت و سەدانی دیکەیان خزاندە ناو بەندیخانەی حامییەوە، پارکی ئازادی ئێستا. ئەوەیش دەبێتە هۆکارێک کە پلانی چونە دەرەوەیان سەرنەگرێت و مامۆستا هەردی دوای مانگ ونیوێک دەگەڕێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی.

پایزی ساڵی ١٩٦٤ مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر و هاورێکانی کە زیاتر لە سێکوچکەیەک چوون (هەردی، عەلی و جەوهەر) دەچنە گوندی ئاوکورتێ بە هیوای ئەوەی کە بتوانن بیری نەتەوەیی خۆیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام باڵادەستی پارتی و شۆڕش کە بەشێکی زۆری کوردی لە خۆی کۆکردبووەوە، ئیدی کێ گوێ بۆ سی ئەفەندی شاری دەگرێت. لەو ماوەیە کە ئەوان لە ئاوکورتێ دەبن، بارزانی و پێشمەرگەکانی سەردانی ئەو گوندە دەکەن، لەسەر داوای مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر، شەوێکی درەنگ سەردانی بارزانی دەکەن و لێێان دەپرسێ ئێوە بەنیازی چین و دەتانەوێت چی بکەن، پارتین؟ ئەوانیش لە وەڵامدا دەلێن، نەخێر پارتی نین، بەڵام دۆستی پارتین و بە دووردرێژی باسی بەرنامە و بیروباوەڕی خۆیانی بۆ دەکەن. بارزانی لە وەڵامدا پێێان دەڵێت بەداخەوە کە من ناتوانم هاوکاری مادیتان بکەم، بەڵام بڕۆن بیروباوەڕی خۆتان بڵاو بکەنەوە و کەس حەدی نییە بێتە سەر رێگاتان.

هەر لە شۆڕشی ئەیللودا، لەنامەیەکدا داوا لە مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر دەکرێت کە بچێتە دەرەوە، هاوبیرە نەتەوەییانەکانی، مامۆستا فەرەیدون مەلا عەلی دەنێرن وەکو نوێنەری خۆیان تا لە رەوشەکە ئاگاداریان بکاتەوە ، بەڵام پاش چەند مانگێک دەگەڕێتەوە و پێێ وا دەبێت کە باشترە لەناو شاردا بمێننەوە و درێژە بەکاری نووسین و رووناکبری خۆیان بدەن.

عەبدوڵلا جەوهەر جگە لەوەی کەسایەتییەکی نەتەوەیی دیاری کوردایەتییە بوو، بەشێکی زۆری ژیانی بۆ سیاسەت بەمانا تیۆرییەکی دادەنێت، هاوکات خاوەنی قەڵەمێکی بە بڕشت بووە و شارەزایەکی باشی لە زماندا هەبووە و لە بواری نووسینی شیعر و چیرۆک و وەرگێراندا ئەسپی کوردایەتی خۆی تاوداوە. بە بەردەوامی لە نێوان ساڵانی ١٩٣٩ – ١٩٤٩ لە گۆڤاری گەلاوێژدا بە ناوی خوازراوەوە پەخشانی هونەری و کورتە چیرۆک و بابەتی رەخنەی ئەدەبی بڵاو کردۆتەوە. لە نوسێنێکدا کە بەناوی ع چالاک لە ژمارە ٣ و ٤ ی گۆڤاری گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٢ دا بڵاو کراوەتەوە، داوا لە خوشک و برایانی کوردی دەکات کە وڵاتی خۆیانیان خۆشبووێت و لە خەوی خەفڵەتزەدەیان بەخەبەر بێنەوە و یەگبگرن : "ئێمە بۆیە لە دایک بووین کە خوێنمان لە ڕێی نیشتیمانی پیرۆزدا بڕێژین و لەشمان بکەینە سەنگەری. گەل داوای ئیشمان لێئەکا نە قسە." عەبدوڵڵا جەوهەر لە ساڵانی چلەکانی سەتەی رابردوودا وەکو لاوێکی نیشتیمان پەروەر هەست دەکات کە کوردستانی داگیرکراو تەنیا بەهێز و بازوی پیاوی کورد رزگاری نابێت بۆیە روو دەکاتە ژنانی کورد و داویان لێدەکات، شانە بەشانی پیاوانی کورد بێنە مەیدانی تێکۆشان و خۆیان هۆشیاربکەنەوە لە پێناو نیشتماندا تێبکۆشن.

مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر وەکو کەسایەتییەکی نەتەوەیی خاوەن بیروباوەڕ لە لایەن خەڵکانی نەتەوەییەوە پرس ورای پێکراوە. کاک ئازاد مستەفا سەرۆکی پاسۆک لە نامەیەکدا داوا لە مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر دەکات کە بچێتە ناو پاسۆکە و ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو پارتە، بەڵام بەهەرهۆیەکەوە بێت مامۆستا جەوهەر داوەکەی قبوڵ ناکات. بەداخەوە کاتێک چاو لە هەڵسوکەوتی کەسە نەتەوەییەکان دەکەین، زیاتر لە بواری تیۆریدا ئەسپی خۆیان تاوداوە و لە کاری پراکتیکیدا خۆیان گۆشەگیرکردووە، مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەریش بەدەر نەبووە لەوان، بەڵام ئەو بیروباوەرەی ئەوان لەسەردەمێکدا لەدەوری کۆبوونەوە، تەوژمی کۆمۆنیستی و عێراقچێتی باڵی بەسەر کوردستاندا کیشابوو، بۆیە ئەگەر بیرەکوردستانیەکان لە بازنە داخراوەکاندا قەتیسیش مابێتن و نەیانتوانیبێ سنوورە دەستکردەکان بشکێنن، ئەوا لاپەرەیەکی گەشیان بۆخۆیان تۆمارکردووە. رۆژێک هەردێت بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی باڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا بکێشێت، پاسۆک دروشمێکی جوانیان هەبوو و راستیشیان کردووە کە گوتویانە "هەر کاروانێک بۆ پرشنگی خۆڕ بڕوانێت، کەمبن یان زۆر دەگەن بەخۆر."

سەرچاوە:

گفتوگۆیەکی تایبەتی بەندە لەگەڵ مامۆستا عەلی سام ئاغا کە لە دەرفەتێکی دیکەدا و لە پرۆژەیەکی تایبەت بەبیری نەتەوەیی، هەمووی بڵاو دەکەمەوە.

عومەر مەعروف بەرزنجی، بەڵگەی زیندوو، ساڵی ٢٠١٠

گۆڤاری گەلاوێژ، ژمارە ٣ – ٤، ساڵی ١٩٤٢

دەستنوسێکی کاک جەلالی حاجی دەروێش کە نووسخەیەکم لە خۆی وەرگرتووە.









Inga kommentarer:

Skicka en kommentar